چەمكی عەلمانی و تێڕوانینێكی رەخنەگرانە
یاسین ئهحمهد زهنگهنه
ئا: یاسین ئهحمهد زهنگهنه
دهستپێك:
– عەلمانیەت لە زمانی ئینگلیزیدا پێی دەوترێت سیكولاریزم بەمانای لادینی یان دونیاویستی، ئەمەش بانگەوازێكە بۆ چەسپاندنی یاسای ژیان لە هەموو بواهكانی ژیاندا، دوور لە كاریگەرێتی ئایین لە سەر رەوتی ژیان بە مانا سیاسییەكەی ( اللا دینیة فی الحكم ).
– زۆربەی مێژوونووسان وای بۆدهچن كۆتایی شەڕی ( 30 ) ساڵە لە ئەوروپا ساڵی 1648 و ئیمزاكردنی سوڵحی ( وستڤالیا)، سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوایەتی و دەركەوتنی دیاردەی عەلمانییە لە رۆژئاوادا.
– سەرەتا زاراوەی عەلمانی بوارێكی تەسكی دەگرتەوە، كە بریتی بوون لە بواری سیاسی و ئابووری، بۆیە وەك چەمكێكی گشتگیر كاری پێ نەدەكرا.
– زاراوەی عەلمانی لە فەرهەنگی رۆژاوادا چەند مانا و مەبەستێكی هەبووە، لە سەرەتادا لەهەر وڵاتێكی ئەورووپی بەپێی هەل و مەرجی وڵاتەكە و ئاستی ململانێی نێوان كلێسا و ڕووناكبیران و سیاسەت مەدارانی وڵاتەكە پێناسه دهكرا و لێك دهدرایهوه و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا، بە واتایەكی تر وڵاتانی ڕۆژاوا لە چەند مەزهەبێكی جیاوازی ئایینی مەسیحی پێك هاتوون، ههروهها ململانێی نێوان مەزهەبەكان لەگەڵ ڕووناكبیران و چینی بۆرژوازیدا لەهەموو وڵاتاندا چونیەك نەبووە، بۆ نمونە:
1- فەڕەنسا: كە دانیشتوانەكەی كاسۆلیك مەزهەبن، ململانێی نێوان كڵێسای كاسۆلیكی لە فەڕەنسادا لەگەڵ روناكبیران و چینی بۆرژوازیدا لەو پەڕی توندوتیژیدا بووە ، هەر بۆیە وشەی لائیك تا ( LAIQUE ) ئێستا جێ دەستی فەرەنسییەكانی پێوە دیارە كە بە شێوەیەكی توند دژایەتی ئاینیان دەكرد، چونكە كاتی خۆی دەستەڵاتی كڵێسای فەڕەنسا زۆر بەهێزو فراوان بووە، ئەوە بوو شۆڕشی فەڕەنسا لە ساڵی 1789ز كۆتایی بە دەستەڵاتی كڵێسا هێنا لەوڵاتەكهدا، شۆڕشگێڕان زۆر توند رەوانە دژایەتی قەشەو پیاوانی كڵێسایان دەكرد چەندینیان لێكوشتوون و سەر بڕین ، ئەمەو لە فەڕەنسادا هەموو بابەتێكی ئایینیان لە دەستورو یاسا و بەرنامەی خوێندندا قهدهغهكرد.
2- بەریتانیا و ئەڵمانیا (پرۆتستاند) مەزهەبن، بۆیە رادەی توند و تیژی و ململانێ لە نێوان كڵێسا و روناكبیران و چینی بۆرژوازیدا زۆر توند نەبووو، بۆیە وشەی سیكولاریزم له زمانی ئینگلیزیدا بهو شێوەیە توند نەبووە لە مانا و مەبەستدا لە چاو وشەی لائیكی فەرەنسیدا.
3- روسیا و یۆگۆسلافیا و یۆنان و هەندێ وڵاتی تری ئەوروپای رۆژهەڵات، مەسیحین و سەر بە كەنیسەی ئەرسەدۆكسن ئەمانیش بە پێی هەل و مەرج و دیدو بۆچونی خۆیان چەمكی عەلمانییەتیان لێك داوەتەوە.
– عەلمانی بە مانای عەلمانی كردنی موڵكەكانی كڵێسا و گواستنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەت.
– عەلمانی بە پێی تێڕوانینی كڵێسای كاسۆلیكی لە فەڕەنسا بە مانای ( دەست بەسەراگرتنی موڵكەكانی كڵێسا بە شێوەیەكی ناڕەواو و ناشەرعی ) ، بەڵام بەلای عەلمانییەكان و فەیلەسوف و روناكبیرانی فەرەنساوە عەلمانیەت بە مانای ( دەست بەسەراگرتنی شەرعییانەی موڵكەكانی كڵێسا دێت بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت).
(john holyook) – جۆن هۆڵێك 18017- 1906بەیەكەم كەس دەژمێردرێت كە بەشێوەیەكی هاوچەرخ پێناسەی عەلمانییەت بكات، ناوبراو دهڵێت: ( عەلمانییەت بە مانای بروا بوون بەوەی دەكرێت چاكسازی لە بارودۆخی مرۆڤدا بكرێت، بێ ئەوەی باس لە كێشەی ئایین بكرێت، بە قبوڵكردن یان نكۆڵی كردن) . لە راستیدا ئەم پێناسەیە رون و ئاشكرا نییە وسهرنج و تێبینی زۆری لەسەره.
– دوای ئەو پێناسەی تری بۆ كرا وهك: ( جیاكردنەوەی ئایین لە دەستەڵات ، ئەمەش وەرگێراوی دەستەواژەی زمانی ئینگلیزیە ( separation of charah and state) ئەمەش عەلمانیەت لەروی سیاسی و ئابوری لەخۆدەگرێت.
– هەندێك بە هەڵە ئەم فەرموودەی پێغەمبەر(صلی الله علیه وسلم) شیدەكەنەوە و مەرامی خراپی خۆیان هەیە ( أَنْتُمْ أَعْلَمُ بأَمْرِ دُنْيَاكُمْ) صحيح مسلم، الصفحة أو الرقم 2363
بەمانای : ئێوە شارەزاترن لە كاروباری دونیایی خۆتاندا، بە بۆچوونی ئەو كەسانە ئەمە جۆرێك لە عەلمانییەت دەگرێتەوە لە ئیسلامدا، ئەمە بوهتان و تاوانێكی گەورەیە دەیدەنە پاڵ ئیسلام.
هۆكاری سەرهەڵدانی عەلمانیەت:
مەسیحیەت وەك ئاینێكی ئاسمانی هەر لە سەرەتاوە، لەلایەن قەشەو پیاوانی كڵێساوە تووشی لادان و دەستكاری كردنێكی زۆر بووەوە، لە بواری عەقیدەو عیبادات و خورەوشت و…..هتد . ئەم لادان و چەواشەكاریيە بووە مایەی رودانی ململانێ و قەیران لە نێوان كڵێسا و زانا و روناكبیران و سیاسەتمەداران لە ئەوروپادا. كڵێسا ( دادگای پشكنینی دانا بوو بۆ دژایەتی كردنی زانست و زانایان و روناكبیران چەندین كەسایەتی بەناوبانگیان تیرۆر كرد، گالیلۆ سوتێنرا چونكە باسی لەوە دەكرد كە زەوی خڕە. پیاوانی كڵێسا زوڵم و ستەمی زۆریان لە جەماوەر دەكرد و، باج و سەرانەی بێئەندازەیان لێ وەردەگرتن، بوونە مایەی كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم هەر پێشكەوتن و داهێنانێكدا. ئەمەو كڵێسا دژ بە فیترەت و ئارەزووی ئادەمیزادەوە هەنگاویان دەنا بۆ نموونە : راهیب نابێت ژن بهێنێت و راهیبە نابێت شوو بكات. ئەمەش پێچەوانەیە بە شەریعەت و ژیری وسرووشتی مرۆڤایەتی.
قەشەكان ( صكوك الغفران ) ( پسوڵەی لێخۆشبوون ) یان دەفرۆشت گوایە ئەوانەی بیكڕن، ئەوا شوێنی خۆیان لە بەهەشتدا مسۆگەر كردووە، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی دەوڵەمەندێكی فێڵ بازو و زۆرزان قەشەیەك فریو دەدات، بەپارەو پولێكی زۆر دۆزەخی لێدەكڕێت، دواتر روو لە جەماوەر دەكات و دەڵێت: ( دۆزەخ موڵكی منەو كڕیومەو كەسی تێناكەم ، بە ئارەزووی خۆتان چی دەكەن بیكەن).
عەلمانیەت و جیهانی ئیسلامی:
بە پێی نەخشەو پلانێكی هەمە لایەنەی چڕو پڕی رۆژئاوا، عەلمانییەت گەیشتە جیهانی ئیسلامی، عەلمانییەكان وهك دەستەیەكی پاشكۆی ئیستیعمار، دەستەڵاتی سیاسییان گرتە دەست و بە ئاگرو ئاسن رەفتاریان لەگەڵ مسوڵماناندا دەكردو لهسهر ئهم ریتمه بهردهوامن.
عەلمانییەت لە جیهانی ئیسلامیدا دەستەیەكی پاشكۆیەو گوزارشت لهبیروباوەڕو دابونەریت و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی ناوچەكە ناكات، زۆر جار لە رێگای كودەتای سەربازی و حوكمی جێنشینی پاشایەتییەوە بونەتە خاوەن دەستەڵات، ئەگەر هەندێ جار لە هەندێك شوێندا هەڵبژاردن كرابێت، ئەوا رووكەش بووە و تەزویری بێئەندازەی تێدا كراوە، وەك ئەو راپرسییانەی لە تونس و میسرو…. هتد ئەنجام دراوە.
ههروهها عەلمانییەكان كراون بەسەرەنێزەیەك بۆ دژایەتی كردنی رەوتی ئیسلامی، بە شێوەیەكی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ.
– عەلمانییەت خۆی لە دوو دیدوبۆچوونی جیاوازدا دەبینێتەوه.
اً- لایەنی نەتەوایەتی و لیبراڵی: ئەمانە بوار لە بەردەم ئاییندا تەسك دەكەنەوەو، لە جوغزێكی فەرامۆشكراودا دایدەنێن، تا هیچ رۆڵێكی سەرەكی لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا نەبینێت، ئەمەو هەندێ جار دەزگای ئایینی دادەنێن بۆ چەواشەكاری، وەك وەزارەتی ئەوقاف و یەكێنی زانایان و دەركردنی گۆڤارو بڵاوكراوە ئەم دەزگایانەش پاشكۆی سیستەمی عەلمانین و، گوزارشتی راستەقینە لە رەوت و بانگەوازی ئیسلام ناكەن.
چەند تێبینیەكی گرنگ:
1- عەلمانیەت لە جیهانی ئیسلامیدا بەردەوام لە پاشەكشەو شكست دایە بەرامبەر بە رەوت و هزری ئیسلامی، ئەمەش لە ئاستی جەماوەری و روناكبیریدا رەنگ دەداتەوە.
2- سیستەمی عەلمانییەت لە رۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامیدا تووند رەوو كورت بینن، دیدو بۆچوونی بەرامبەر قبوڵ ناكەن خۆیان بە تاكە رەوت و رێباز لە قەڵەم دەدەن و، بە هەموو شێوازێك كورسی دەستەڵاتیان دەپارێزن، داننانێن بە گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و فیكری و سیاسییە ریشەییەكانی وڵاتانی خۆیان، بەڵكو بە ئاگر و ئاسن مامەڵە لەگەڵ نەیارانی خۆیان دەكەن نموونەش سیستەمە عەلمانی سوریا و تونس ومیسر … هتد.
3- عەلمانییەت لە رۆژهەڵاتدا هاوشانی ستەم و دیكتاتۆرییەتە، هەر چەندە بە روكەش باسی ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكەن ، بۆیە دەبینین سوپا و دەزگاكانی ئاسایش كە جڵەویان لە ژێر دەستی عەلمانییەكاندایە جەماوەری ئیسلامی دەتۆقێنن و راپێچی بەندیخانەكانیان دەكەن.
4- عەلمانیەت لە گەڵ خۆیدا كۆمەڵیك خاڵی دژ بە یەك (تناقضات) ی هەڵگرتووه.
یەكەم: لە لایەكەوە باسی ئازادی و رادەربڕین و، ئازادی لە بواری ئاین و خواوپەرستی و چەسپاندنی دیمووكراسی دەكەن، بەڵام ئەگەر ئازادی راستەقینە بێتە دی ئەوا رەوتی ئیسلامی گەشە دەكات و كاریگەرێتی لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵ زۆر دەبێت و، جەماوەر ئازادانە ئیسلام هەڵدەبژێرن، عەلمانییەكانیش گەشەكردنی رەوتی ئیسلامییان پێ قبوڵ ناكرێت بۆیە درووشمەكانی ئازادی و مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن و روبەڕووی ئیسلام خوازان دەبنەوە، كاتێك كە روبەڕووی ئاین دەبنەوە ئەوا سیفەتی ئازادی و لیبڕالی لە دەست دەدەن.
دووەم: عەلمانییەت نەبووەتە مایەی دڵنیایی و حەسانەوەو بەختەوەری بۆ جەماوەر، تا جێگای رۆڵی ئایین بگرێتەوە لە ناخ و دڵ و دەروونی خەڵكیدا، عەلمانییەت ناتوانێت خولیا و پرسیارو هەست و نەست و لایەنی رۆحی مرۆڤ تێربكات، لە جیهانێكدا كە پڕە لە پاڵە پەستۆو قەیران و نائومێدی، ئەمڕۆ خەڵكی پێویستییان بە لایەنی ئارامی و گیانی هەیە، ئەمەش تەنها لە ئایینەوە دەستیان دەكەوێت.
سێیەم : نزیك بوونەوەی عەلمانییەت لەدیكتاتۆرییەت، لە ژێر ناونیشان و پاساوی جۆراوجۆردا وەك پاراستنی دەستورو یاسا ، ئەوەتا له فەڕەنساو چهند وڵاتێكی تر بە بیانووی تێكەڵاوبوون ( اندمانج ) رونەدانی دیاردەی فرە رۆشنبیری دژایەتی حیجابی ئیسلامی دەكهن لە نێو دام و دەزگا و ناوەندەكانی خوێندندا و فشار دەخاتە سەر مسوڵمانان بۆ ئەم مەبەستە.
چهند سهرنجێكی پێویست:
1- ئەمڕۆ عەلمانییەت زۆربەی بوارەكانی ژیانی گرتۆتەوە، وەك بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەدەب و هونەرو شانۆ و سینەما و تەلەفزوێن و رۆژنامەو گۆڤارەكان ….. هتد.
2- رۆژئاوا لە میانەی فلیمی سینەمایی و زنجیرە دراماكانی تەلەفزیۆن و تەنانەت فلیمی كارتۆنیشهوه، دیدوو بۆچوونی خۆیان لێزانانە بڵاو دەكەنەوە و خەڵكی پێ چەواشە دەكەن و لای خەڵكی خۆشەویستی دەكەن . بۆ نموونە فلیمی كارتۆنی ( تۆم و جیری ) بەجۆرێك لهجۆرهكان رەنگدانەوەی ململانێ و فیكری داروینزمە كە دەڵێت: ( مانەوە بۆ بەهێزو چاكەكانە – البقاء للاصلح والاقوی) بۆیە دەبینین مشكی زۆرزان و فێڵباز چی بە پشیلەی گێل و تەوەزەل دەكات، ئەمەش دەبینین سەرەتای ئەڵقەكە بە شەڕو ململانێ دەست پێ دەكات، تا كۆتایی هەر شەڕ و ململانێیەو ئەنجام نادات بە دەستەوە.
3- داروین دەڵێت: ( ململانێ لە پێناو مانەوە سونەت و دەستوری ژیانە و مانەوەش تەنها بۆ بەهێزەكانە، ئەوانەی بەهێز و زۆررزان و خاوەن بیرو هزرن، ئەم سیفەتانەش پەیوەندیان بە سیستەمی ئایینی و رەوشت و بەها مرۆڤییەكانەوە نییە ).
ئەم بۆچونە هەڵەیە تاوانێكی گەورەیە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، خوای گەورە مرۆڤەكانی دروست كردووە و كردونی بە جێنشینی خۆی بۆ ئاوەدانكردنەوەی سەرزەمین و، یاسا و دەستورێكی بۆ ناردوون تا بەتەبایی و ئاشتی بژین و نەك ململانێ و دژایەتی كردن
تێبینی / ئەم بابەتە پێشتر لە كۆڕێكدا پێشكەش كراوە.
بۆچوونهکان